بۆم ده‌نووسێ: هاوڕێکه‌م! من چه‌نده هه‌وڵ ده‌ده‌م ، له تۆ ناگه‌م... پێمناڵێی بۆچی بۆ ماوه‌یه‌کی دوورودرێژ ون ده‌بی و دیسان له ناکاو بۆ ماوه‌یه‌کی کورت ده‌رده‌که‌ویته‌وه؟ هه‌موو جار من هیوا په‌یدا ده‌که‌م که ئیتر ون نابیته‌وه که‌چی ... ئه‌مجاره چی؟ چۆن باوه‌ڕ بکه‌م هه‌مدیس ون نابیته‌وه؟
بۆی ده‌نووسم: ئه‌مجاره ئیتر ون نابمه‌وه، خاترجه‌م به!
تۆزێک له نامه‌که‌م ڕاده‌مێنم و...به په‌له دێڕه‌کان ده‌کوژێنمه‌وه.
<<<>>>
بۆم ده‌نووسێ: سڵاو ئازیزم! گه‌لێک به نامه‌که‌ت خۆشحاڵ بووم. سوپاس بۆ پیرۆزباییه‌که‌ت بۆ زه‌ماوه‌ندی خۆیشکه‌که‌م، وه بۆ هیواخوازییه‌کانت بۆ من.
ئازیزم! من وافێری سه‌ربه‌ستییه‌ک بووم که زه‌حمه‌ته بتوانم ده‌ستی لێهه‌ڵگرم. کێ هه‌یه بتوانێ ژیان له گه‌ڵمدا بکات و ئه‌و سه‌ربه‌ستییه‌م لێنه‌سێنێ؟ لای تۆ گه‌ر هه‌یه به نامه‌یه‌کدا بۆم بنێره ( له گه‌ڵ سیمبۆلی بزه‌یه‌ک).
بۆی ده‌نووسم: منیش به نامه‌که‌ی تۆ شادبووم. تۆ ڕاست ده‌که‌ی، هیچ گارانتییه‌ک نییه. که ئه‌و سه‌ربه‌ستییه‌ت له کیس نه‌ده‌ی.پاشانیش، ئایا ئه‌وه ده‌هێنێ، که سه‌ربه‌ستییه‌که‌تی بۆ بدۆڕێنی...؟ لێره؟! پێت وایه ئه‌وانه‌ی ئێره له ته‌ک ئه‌وانه‌ی ئه‌وێ چه‌نێ جیاوازییان هه‌یه...؟ ته‌نیا شێوه‌کان جیاوازن، مێتووده‌کان جیاوازن و به‌س... منیش ڕیسکی وام پێناکرێ. ئه‌م جه‌نتلمه‌نه جارێ نه لێره‌و نه له هیچ کوێ نییه...ئاگات له سه‌ربه‌ستییه‌که‌ت بێ! سامانێکی مه‌زنه، نه‌یدۆڕێنی!
تۆزێک له نامه‌که‌م ڕاده‌مێنم و... به په‌له دێڕه‌کان ده‌کوژێنمه‌وه.
<<<>>>
ته‌له‌فۆنه‌که هه‌ڵده‌گرم، ژماره‌که لێده‌ده‌م و قامکم ئاماده‌یه کلیک بکات، قسه‌کانم ئاماده‌ن،
ده‌مه‌وێ بڵێم من و تۆ چه‌نێ نزیکین و چه‌نێ دوورین، چه‌نێ شتی هاوبه‌شمان هه‌یه و که‌چی چه‌نێ یه‌کتر ناناسین. ده‌مه‌وێ بڵێم له‌وێش هه‌روابووین، له‌وێ خه‌تای خۆمان نه‌بوو. بڵێم، به‌ڵام لێره من هه‌وڵم دا... بڵێم هه‌ر ده‌ڵێی من ت نه‌بم و نیم! به‌ڵام من ت هه‌م و نامبینی...
ژماره‌که دیاره، به قامکێ ژماره‌که ده‌سڕمه‌وه ته‌له‌فۆنه‌که داده‌خه‌م... قسه‌کانم ناکه‌م.